1 دقیقه خواندن
09 Mar
09Mar

یادداشتی رۆژی هەشتی مارس


رۆژی ژن، رۆژی ژنانی ریزەکانی کۆمەڵە، رۆژی ژنانی ئێعدامی، رۆژی ژنانی پێشمەرگە


۱_ شۆرشی ساڵی ٥۷، ژنانی کوردستانی له ئاستێکی جەماوەری هێنایە سەر شانوی خەباتی سیاسی 


۲_ کۆمەڵە که وەک رەوتی سوسیالیستی و جەماوەری دەرفەتێکی گەورە، زێرین و مێژوویی بۆ رەخسا، به خێراییەکی بەرچاو بوو به داهێنەر، پێش قافڵە و ڕابەری بزووتنەوەی جەماوەری و هەڵکردنی ئاڵای بزووتنەوەیەکی جیاۆاز.


۳_ هەر له سەرەتای ئەم ڕەوتە، حوزووری ژنانی تێکۆشەر و چەپ و سوسیالیست بەم ڕەوتە، به کۆمەڵە و به دروشم و بانگەوازەکانی حەقانیت، دروستی و متمانەی زۆری بەخشی.


٤_ هەر له سەرەتاوە حوزووری ژنانی ئازادە و شۆڕشگێڕ، گیانبەختکردنی سێ هاوڕێی پێشەنگ (فایزە قوتبی، فەریدە زەکەریایی و گوڵڕێز قوبادی) له ۹ی خاکەلێوەی ۱۳٥۸ له کاروانی یارمەتی گەیاندن به خەڵکی تورکەمان، ڕەوتی کۆمەلەی بردە ئاستێکی پڕ متمانەتر و جەماوەری و ئینسانی تر و مودێرن تر و جیاۆازتر.


٥_ حوزووری ژنانی چەپ و سوسیالیست، شۆرشی کوردستان  و حزبایەتی و سیاسەتی له کوردستان له ئاستێکی بەرفراوان لە قاڵبی "پیاوانە" دەرهێنا و سیمایەکی ئەمرۆیتری به خەباتی ڕەوای رزگاریبەخشی و ئازادیخوازی له کوردستان بەخشی. 


٦_ کۆماری ئیسلامی که زۆر زوو هەوڵیدا که ئەم دەرفەتە مێژوویی و گەورەیە له گەلی کورد و حوزووری ژنان تێک بدات و له باری بەرێ، هێرشی بێ ڕەحمانەی کردە سەر ژنانی خەباتکاری کوردستان و له هێرشی دووهەمی بۆ سەر کوردستان پاش داگیرکردنی شارەکان، به ئێعدامی ژنان شەپۆلێکی دژە ئینسانی دەسپێکرد که ئێعدامی ژنانی شۆرشگێر یەکەم قۆناخی ئەو شەپۆلە بو. (ئێعدامی مەستورە شەهسۆاری و خانم باوەفا هەر چەن رۆژ دۆای شەری ۲٤ رۆژەی سنە).


۷_ ئێعدامی ژنانی کوردستان که ساڵی ٥۹ و ٦٠ و ٦۱ و ٦۲ پۆلێک له ژنانی کوردستانی گرتەوە، نیشان لەوە بوو که کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک له حوزووری ژنانی تێکۆشەری کورد نیگەرانە و به زەرەری دەسەڵاتی خۆیی دەزانێ و تا چ ڕادەیەک ئێعتبار و ناوەرۆکی بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە و چەپ و  سوسیالیستی دەباتە سەرێ.


۸_ ڕۆڵی ژنانی پێشەنگی ئەم خەباتە که سەدان ژنی ئازادە و شۆرشگێر و جەنگاوەری دەگرتەوە به حوزوور له ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئاستی میژوویی و خاڵی گۆڕانێکی بنەڕەتی له بزووتنەوەی کوردستانی پەیدا کرد. قاڵبی پیاوانەی هێزی پێشمەرگەی گۆڕی، به جەسارەت و ئازایەتی مانا و مەفهومێکی نوێی بخشی، فەرماندی ژنی هێنا مەیدانی هەڵمەتی پێشمەرگانە که پێشمەرگەی "پیاو" فەرمانی لێ دەبیست. ئاستی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی له زۆر لایەنەوە بردە سەرێ. ئەدەبیاتی "پیاوانە"ی ناو هێزی چەکداری گۆری. ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێشەنگی ئەو مێژووە نوێیەن که ئیستە تەنانەت کۆنەپەرسترین ڕەوتەکان بۆ نیشاندانی سیمایەکی باشتر، ژنانی حزبەکانیان نیشان ئەدەن. ژنانی کۆبانی و رۆژئاۆا و حوزووری ژنان له رابەڕایەتی حزبەکان و پۆلێکی بەرین له ژنانی مەیدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەرهەمی ٤۱ ساڵ بەرخۆدان و خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنانی ئازادە و چەپ و سوسیالیستە.


۹_ سەرکوتی زۆر زۆر بێ بەزەییانەی ژنان له لایەن کۆماری ئیسلامی و گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵە (هەروەها حزبی کۆمونیستی ئێران) زۆرترین زەربە و خەساری به مەوقعیەتی ژنان و خەبات و پێگەی ئەوان گەیاند.


۱٠_ بەڵام وێڕای ئەم خەسارانە، پێگە و مەوقعیەتی ژنانی کوردستان له هەمو بوارەکان زۆر زۆر جیاوازە له چاو ٤۱ ساڵ پێش. ئاستی خوێندەواری، پێگەی ژن له بنەماڵە، له هونەر و ئەدەبیات، له کۆمەڵگا و له ئابووری، له حزبایەتی و بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان لە چاو ساڵانی رابردوو لە ئاستێکی بەرزتر دایە.

 ئایا ژنانی  کۆمەڵە و ڕەوتی چەپ و سوسیالیست ئامادەن که جارێکی تر پێشەنگی ئەو بزووتنەوە بن؟ که هەمو ئاماژەکان پێمان دەڵێن که له ئاستێکی زۆر زۆر گەورەتر و جیاوازتر و پڕ ناوەرۆکتردا دێتەوە مەیدان.


ڕەزا کەعبی