1 دقیقه خواندن
18 Mar
18Mar


وایرۆسی دەسەڵات و وایرۆسی کۆرۆنا

 

 

لەسەر ھۆکاری دروستبوونی وایرۆسی کۆرۆنا باس و نەزەر زۆرە. بە گوێرەی ڕەشبینانەترینیان درووست کراوی ئامریکایە و بۆ خەسار گەیاندن بە ئابووری چین داڕێژراوە. هەروەها ئامانجەکانی تری ئەم پلانە بە بۆچوونی بەشێک لە کۆمەڵگا فرۆشتنی کەرەسەگەلێک وەک ئەلکول و سابوون و ماسک و...یان بلاوکردنەوەی ترسێکی زۆر لە دونیادایە بۆ ئەوەی دونیا ئامادە بکەن بۆ کڕینی واکسێنی ئەم نەخۆشیە.

بەڵام  ھۆگەل و ئامانجەکانی درووست بوون و بڵاوبوونەوەی ئەم وایرۆسە ھەرچییەک بێت ئاکامەکەی بۆ کۆمەڵگای ئینسانی دەرد ومەرگ و ترسە. بۆیە ھەموو وڵاتان و دەوڵەتانی دونیا ھەوڵیان داوە و ھەوڵ دەدەن تا ئەو جێگەی بۆیان کراوە و بۆیان دەکرێت بەر بە بڵاو بوونەوەی بگرن و ھاووڵاتیانیان یارمەتی بدەن بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون. بۆ ئەم مەبەستەش ھەر وڵاتێک بە گوێرەی باروودۆخیان رێگە و شوێنی تایبەتیان گرتوەتە بەر.  زۆربەی وڵاتان ھاتوو چۆی چین و وڵاتانی تووشبوویان داخستوە و قەدەغە کراوە، یان لە نێو خۆیاندا بەشە تووشبووەکانیان قەرەنتینە کردوە.

بەڵام وڵاتی ئێران ھەر لەسەرەتاوە ھەوڵی داوە لەم وایرۆسەش کەڵکی سیاسی وەرگرێت و بە نێعمەتی ئیلاھی لە قەڵەم بدات. ئێران بۆ خۆشیرینی لە لای چین،وەک ھاوپەیمان لە بەرانبەر ئامریکادا، ھاتوچۆکانی بۆ ئەو وڵاتە ھەر بەکراوە ھێشتەوە. بۆیە ھەر زوو ئێرانیش پڕ بوو لە تووشبووی ئەم وایرۆسە و نەخۆشیەکە بە وڵاتدا بڵاو بوویەوە. ھەر وەک وترا ئێران ئەم وایرۆسەی وەک نێعمەتی ئیلاھی بۆ خۆی لەقەڵەم دا بۆ ئەوەی ئەم وایرۆسە لە کاتێکدا سەری ھەڵدا لە ئێران گیرۆدەی چەندین قەیرانی گەورەی نێوخۆیی و نێونەدەولەتیی بوو.

 

ھێشتا زۆر لە بشێوییەکانی ئابان مانگ تێ نەپەڕی بوو کە قاسمی سلێمانی کوژرا. ھێشتا شوێنی ئەو شەپڵاخە بە روومەتیانەوە بوو و لەشیان دەلەرزا کە، بۆ قەرەبووی ئەو شەپڵاخە شەقێکیان داھێنایەوە کە لە خۆیان کەوت. لە ھەوڵ ئازاری کوشتنی سلێمانی وەھا پەشۆکا بوون کە تەیارەکەی ئۆکرانیان لێدا و خستیانە خوارەوە و بۆ چەند چرکەیێک لایان وابوو کە تەیارە یان موشەکی ئامریکایان لێداوە، بەڵام زۆر خێرا زانیان شەقەکەیان لە خۆیان داوە. بەڵام ھەر لە یەکەم چرکەکانەوە دەستیان دایە درۆ و دەلەسە و ھەوڵیان دا کە دونیا فریو بدەن و وای بنوێنن کە ئەوان لێیان نەداوە و بێخەبەرن چی بەسەر ھاتووە. بەڵام دونیا وشیارتر و زیرەکتر لەوان بوون و، بە بەڵگە سەلماندیان کە بە دەست ئێران کەتوەتە خوارەوە. بەم شێوە مەجبووریان کردن کە دان بە گوناھەکەیاندا بنێن بەڵام ئامادە نەبوون ھاوکاری پێویست لەگەڵ ئۆکراین و ولاتانیتر کە ھاوڵاتییان لە تەیارەکەدا بوو بکەن.

 

هاوکات لەگەڵ ئەمانە ڕژیمی ئێران لەبەردەم ھەڵبژاردنێکدا بوو کە ھەم دەبووا بەڕێوە بچێت و ھەمیش حەزیان نەدەکرد کە رێگە تەنانەت بە رێفۆرمیستە شەرمێون و ترسنۆکەکانی خۆیشیان بدەن کە بێنە پارلەمان. ڕژیم لەبیری ئەوەدا بوو کە پارلەمان و دەوڵەت و قەزا یەکدەست بکاتەوە و ھەر ھەموویان دەروێشی شێخی گەورە بن و کەس جیا لە بەڵێ قوربان زیاتر ھیچ نەزانێت و نەیڵێت. ئەمەش یانی بارودۆخی سیاسی خراپتر لە ھەمیشە لێ بکرێت و بەم شێوە ھەل و مەرجەکان بۆ لابردنی ئەو ھەڵبژاردنە نمایشییەش ئامادە بکەن. بۆیە ھەر ھەموو ئەوانەش کە بە شێوەیێک بە رێفورمیست یان بە ناو جیا بیر دەناسران لە لیستی پالێراوەکان لابران. لە بەرانبەردا لایەنگرانی رێفورم و رێفورمیستەکان ھەڵبژاردنەکەیان بایکوت کرد و ڕایان گەیاند کە لە ھەڵبژاردنەکەدا بەشداری ناکەن. ئەم ھەڵوێستەی رێفۆرمیستەکان و ھەڵوێستی لە مێژینەی لایەنەکانی دژ بە رژیمی جمھوری ئیسلامی پاڵی دا بە یەکەوە و مەترسی بێ دەماخی و سارد و سڕ بوونی ھەڵبژاردنەکانی لای حکوومەت دروست کرد. ھەرچەند حکوومەت لە ناوخۆدا زۆر بە خەمی بەشداری کردنی خەڵکەوە نییە و نەبووە، بەڵام ڕووبەدەرەوە ھەمیشە ھەوڵی داوە وای بنوێنێت کە خەڵک بەشداری گەورەیان لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەیە، بۆیە ھەمیشە ھەوڵی داوە بە بازاڕگەرمی درووست کردن و کڵاو لە سەرخەڵک نان جۆرێک لە کێبەرکێی دەسکرد درووست بکات بۆ ئەوەی خەڵک ھان بدات بۆ بەشداری. بەڵام ئەمجارەیان بە ھۆی نەبوونی باڵی بەناو رێفۆرمیشەوە ئێتر ئەو کێبرکیە ساختەش نەمابوو، بۆیە رژیم بۆ سەرپۆش یان بیانویێکی تری جێگرەوەدا دەگەڕا کە ئەو دۆخەی پێ بباتە سەر و لێی دەرباز بێت.

ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە کەوتبووە نزیکی ڕۆژی ٢٢ رێبەندان کە ڕژیم کردوویەتی بە رۆژی خۆی و ھەموو سڵێک لەم رۆژەدا بە پارە و شێوازگەڵی جۆراوجۆر ھەموو ھەوڵە دەدات کە خەڵک بکێشێتە شەقامەکان و بە دونیای دەرەوەی پێشان بدات کە خەڵکی لە گەڵە.

 

ھەر بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵیش، کە ساڵێکی تایبەتی بوو بە نیسبەت ڕووداوەکانی ئابان مانگ و تەیارە لێدراوەکە و کوژرانی قاسمی سلێمانی، ھەوڵی چەند قاتی دا کە ھەرچۆنێک بێت خۆپیشاندانەکانی ٢٢ڕێبەندان ھیچ نەبێت  پڕ و چڕ دەرکەوێت. 

 

لەسەرووبەندی ئەمانەدا بوو کە ھەرای دەرکەوتنی وایرۆسی کڕۆنا لە چین بەرز بووەوە. رژیم بزە کەوتە سەر لێوی و ئەم بەڵایەشی بۆ خۆی وەک نێعمەتی خودایی دانا. بە عەکسی ھەموو وڵاتانی دوونیا نەک ھەر درگای ھاتووچۆی لە گەڵ چین دانەخست، بەڵکوو خۆی دەبوارد لەوەی کە ھەواڵ و زانیاریش لەم بارەوە بداتە خەڵکی ئێران.  ئێران پێویستی بە پاساوێک بوو بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە ھەڵبژارنەکاندا. ئێستا وایرۆسەکە خودا گەیاندبووی، بۆیە وێرای ھاوردەکردنی زۆری وایرۆسەکە و تووشبوونێکی لە ڕادەبەدەری خەڵک ، ھەوڵدرا تا دوای ٢٢ی ڕێبەندان بێدەنگی لێ بێنن.

پاش ئەوە وردە وردە باسی وایرۆس کرا. ھەڵبژاردنەکان بە سارد و سڕی و بەشداری نەکردنی زۆرینەیێکی زۆری خەڵک کۆتایی پێھات. لە ئاکامدا بە ھەموو درۆ و شاردنەوەکانیانەوە ڕایانگەیاند کە ٤٢٫٥ لە سەر سەدی خەڵک بەشداریان کردووە. ڕایشیانگەیاند کە ھۆی سەرەکی کەمی بەشداری خەڵک وایرۆسەکە بووە. ھەرچەند ناچار بوون بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ڕووداوەکانی پێشتریش بکەن.

سەرەتا و پێش باسکردنی قەیرانی وایرۆسکە، کە ھەڵەکانی ئەوان قەیرانەکەی خولقاند، بڕێک باسی ھەڵبژاردنەکە بکەین. ڕژیم ڕایگەیاندوە کە ٤٢.٥لەسەر سەدی خەڵک بەشداریان کردوە. ھەرچەند ئەم داتایەش ڕاست نییە، بەڵام ھەر ئەم ژمارەی خۆیان وا پیشان دەدات کە نزیکەی ٦٠ لە سەدی خەڵک دژی ئەم نیزامەیە.

ئێمە دەزانین لە ئێراندا زۆر کەس لە ترساندا دەنگ دەدات . ھەر بۆیە بەشێکی بەرچاو لەو رێژەی دەنگدەرانە ئینسالگەلێکی ترسنۆک و پاوانخوازن کە تەنیا لەبەر داھاتووی داھات و ژیانیان و مناڵیان چوونەتە دەنگدان و شناسنامەکەیان پێ مۆر کردوە. ئەم ڕێژەش بۆی گرینگ نییە کە کێ حاکمە و کێش دەنگ دێنێت. ئەگەر ڕێژەی ئەم کەسانەش ١٠ لەسەد دابنین دەمێنێتەوە تەنیا ٣٠.٥ لەسەدی دەنگدەران. لەم رێژەش زۆری بۆ پارە رووی تێکردووە. بۆێە دەتوانین بڵێن تەنیا نزیکەی ١٠ لە سەدی خەڵکی ئێران لایەنگری دەسەڵاتی ئێستای ئێرانن. واتە ١٠ لە سەد بە زەبری چەک و کوشتن و زیندان بەسەر باقی کۆمەڵگای ئێراندا حوکم دەکات.

 

 

ئێستا با بچینەوە سەر قەیرانی کۆڕۆنا لە ئێران. باوەڕی گشتی لەسەر ئەوەیە کە وایرۆسی کورۆنا ھاوکات لەگەڵ چێن لە ئێرانیش بڵاو بووەتەوە، بەڵام جمھوری ئیسلامی شاردویەتەوە و نەیویستوە کەس لە راستییەکان لەم بارەوە ئاگادار بێت. کاتێکیش کە کوڕۆنا بووە ھۆی مردنی دەیان کەس و ئیتر شاردنەوە مەحاڵ بوو، رژیم لە زمانی سەرۆک کۆمارەکەیەوە رایدەگەیێنێت کە ئەمە دەسیسەی بێگانەکانە.

 

حکومەتی ئێران بە ھۆی سرشتی ناخەڵکی و دژەخەڵکی خۆیەوە ھەمیشە ھەوڵی داوە لە ھەموو بوارەکاندا راستییەکان لە خەڵک بشارێتەوە. بۆ وایرۆسی کۆرۆناش سەرەرای بڵاوبوونەوەی خێرای لە وڵات بەڵام پاش کەڵک وەرگرتنی سیاسی لەم نەخۆشینە ھەوڵی داوە زانیارییەکان بە شێوە دلۆپی بداتە خەڵکـ . لە ئێران بە عەکسی ھەموو دونیاوە کە لە ھەر سەد تووشبوو یەک یان دوو کەس دەمرێت،  ئێران بە مردوەکانەوە دەستی بە راگەیاندن کرد .ئەمەش یانێ ئامار و ژمارەکانی ڕاگەیاندراوی ڕژیمی ئێران ھەمووی دوورن لە ڕاستی و کەس بڕوایان پێ ناکات. ئەمە یانی قەیرانی کۆرۆنا قەیرانێکە کە دوو وایرۆس ، وایرۆسی دەسەڵات و وایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران درووست بووە. ئەمە نیشاندەری بێ بایخ بوونی گیانی مرۆڤ لە لای رژیمی ئیسلامی ئێرانە. ھەمووی ئەمانە باس لە قڵەشی گەورەی نێوان خەڵک و دەسەڵات دەکات و پێمان دەڵێت ئەم ڕژیمە لە جنسی ئەو خەڵە نییە و خەڵک وەک کەرەسە لە پێناو مانەوەی خۆیدا بەکار دێنێت.

 

نووسەر: ئارمان ڕەجەبی