1 دقیقه خواندن
25 Nov
25Nov


بۆنی خوێن و ڕەزا پەهلەوی

 

چل و دوو ساڵ پێش ئێستا شەقامەکانی هەموو شارەکانی ئێران چڕ و پڕ و تەژی بوو لە خەڵکێک کە بە دەستی مست کردوو و بەرز کراوە و بە دەمووچاوێکی جیدی و تووڕەوە هاواریان دەکرد "مەرگ بۆ شا". کام شا؟ حەمە ڕەزا شای پەهلەوی کە هەراسی بە هەموو خەڵکی ئێران هەڵهێنابوو. هەر ئەوکەسەی کە قاتڵی قازی موحەمەد و هەزاران شۆڕشگێڕی تری کورد بوو. ئەو رۆژانە خەڵک سەرکەوتن و، شا ڕووخا و بە مانای تەواوی وشە گۆڕ بە گۆڕ بوو. تا ڕووخانی شا و تا ئەو ڕۆژەی کە شا لە ئێران هەڵات تاکە ڕۆژێکیش نەبوو کە خەڵک لە شەقامەکان بە گولەی پولیس و ژاندارم و ئەرتەشی شا نەکوژرێن. بەڵام عاقیبەت خوێن، گولە و تفەنگ و شمشێری بەزاند و سیستەمی شاهنشاهی لە ئێران ڕووخا

ئەوەی کە چۆن بوو کە پاش ڕووخاندنی شا خومەینی و دار و دەستەکەی دەستیان بەسەر شۆڕشی گەلاندا گرت و وەک چەتەیێک هاتن و حاسڵی خوێن و تێکۆشانی ئەو خەڵکەیان بۆ خۆیان زەوت کرد، باسێکە کە لەم بابەتەدا ناگونجێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و کاتێکی زۆرترە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە پاش چل و دوو ساڵ کوڕەکەی هەمان شای جەنایەتکار کە لەسەر ماڵ و سامانی دزراوی خەڵکی هەژار دەژی و  هەر بەو پارە دزراوانە توانیویەتی چەندین کاناڵی تەلەڤزیۆنی بونیات بنێت و لەو ڕێگاوە هەوڵ دەدەا پڕۆپاگەندە بۆ خۆی بکات و وا بنوێنێ کە بژاردەی دوای ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە کەسیتر جگە لە خۆی نیە

ڕەزا پەهلەوی لای وایە خەڵکی ئێران ماسی سوری نێو تۆنگی ئاون و بیر و یادەوەرییان ئەوەندە کورتە کە لەبیریان چوەتەوە کە باوکی چی کرد، یان ڕەنگە لای وایە کە خەڵکی ئێران مەحکوومن بەوەی کە یان شا حاکمیان بێت یان مەلا. ئەو لای وایە کە جگە لەم دوانە خەڵک هیچ بژاردەیێکی تریان نییە و دەبێت دەسەڵات بە نۆرە لەلای ئەم دوانە بێت. ڕەزا پەهلەوی بەو پەڕی بێشەرمییەوە دێتە سەر شاشەی تەلەفزێونەکانی و رێنوێنی دەدات بە خەڵکی ئێران و داوایان لێدەکات کە بڕژێنە شەقامەکان بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی ئێستا بڕووخێنن. ئەو هەوڵ دەدات ڕێک ئەوەی کە بەسەر باوکی خۆیا هات بەسەر ئەم رژیمە بێنێت بۆیە لای وایە کە هەر بە هەمان شێوە و مێتۆد دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی مەلاکان بێت. ئەو ئێستا قسە لە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەکات و بووەتە لایەنگری خەڵک. بێ خەبەر لەوەی کە خەڵکیش وەک ئەو خاوەن زاکرە و حافزەن و هەموو شتێکیان لەبیر ماوە. جیا لەوە ئەو نازانێت کە ئەو وڵاتە بە هەزاران ئینسانی لایەق و شارەزا و زیرەکی تێدایە کە بە بێ نیاز بە ڕەزا پەهلەوی و مەلای کۆنەپەرەست دەتوانن وڵات بەڕێوە بەرن. ئەو نازانێت کە خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کورد هەرگیز ناچنەوە سەر زبڵدانی مێأوو بۆ بەکارهێنانەوەی ئەوانەی کە فڕێیان داون..پێم وایە کە ڕەزا پەهلەوی بە بۆنی خوێنی ئەو خەڵکە کە جمهوری ئیسلامی دەیڕێژی خەبەری بووەتەوە و ئاو زاوەتە دەمی. ڕەزا پەهلەوی دەبێت ئەوە بزانێت کە گەلی کورد هەوڵ دەدات بۆ مودێلێکی مودێرن و سەربەخۆ لە دەسەڵات و بە کەمتر لەوەش ڕازی نابێت. بۆیە پێمان وایە کە ئەویش ئاواتەکەی دەباتە لای باوکی.

ئارمان ڕەجەبی