1 دقیقه خواندن
15 Jan
15Jan

دەستگیر کردنی ھاووڵاتیەکی دیکە لە سەوڵاوا. رۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “سەلمان ئەدوایی”، کوڕی “محەممەد” و خەڵکی گوندی “سلێن” لە ناوچەی هەورامانی سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا. دەوترێ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەستگیرمکردووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی “سەلمان ئەدوایی” بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستگیر کردن و تۆمەتەکانی نابراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە. هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “ئەکرەم ئەدوایی”، تەمەن ٣١ ساڵ و “سیامەک ئەدوایی”، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی “سلێن” سەر بە “سەوڵاوا”، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رژیمەوە دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. شایانی باسە، لە ماوەی یەک ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٢٥ چالاکی مەدەنی و خوێندکاری کورد بە دەستی ھێزەکانی رژیم بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگە دەستگیر کراون.