کاک مەلا کەریم خۆشنمەک کەسایەتی ناسراو و سیمای خۆشەویستی ناوچەی مەریوان ماڵئاوایی لە ژیانکرد.


زۆر بەداخەوە ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی کاک مەلا کەریم خۆشنمەک کەسایەتی ناسراو و جێ متمانەی خەڵکی شاری مەریوان و ناوچەکە  لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی دڵ ماڵئاوایی لە ژیانکرد.

کاک مەلا کەریم کە باوکی هاورێ و کادری لەمێژینەی نێو ریزەکانی کۆمەڵە هاورێ "عەلی خۆشنمەک"ە،ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە ئاوایی وەیسەی ناوچەی مەریوان لە دایک بووە.هەرچەند وەک کوری زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئەو کاتی کوردستان خرابوویە بەر خوێندنی مەلایەتی،بەڵام کاک مەلا کەریم ژیانی ئاسایی لەناو خەڵکی هەڵبژارد و بە ئەرک و ماندوو بوون و کەسەباتی خۆی ژیانی بنەماڵەکەی بەرێوە برد. کاک مەلا کەریم بێجگە لە سەرپەرستی بنەماڵەکەی و دابینکردنی ژیان وگوزەرانیان،بەرامبەر بە گۆرانکاری و رووداوە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان و پرسی کورد خاوەن قسە وهەڵوێست بوو،هەر بۆیە هەتا دواساڵەکانی تەمەنی تووشی گەلێک گرفت و چەرمەسەری بوویەوە.

کاک مەلا کەریم کە  لە لایەکەوە خاوەن پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی بوو،و لە لایەکیترەوە بەهۆی پێوندی قووڵ و نزیکی لەگەڵ جەماوەری خەڵک ئاشنای دەرد ورەنجی چین وتوێژە جیاوازەکانی خەڵک بوو،بەبەردەوامی دەرگای ماڵی بەرووی خەڵکدا ئاواڵە بوو.خاوەن رێز ومتمانەیەکی تایبەت بوو لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا.هەر ئەوانەش کەسایەتییەکی بەرز وسیمایەکی خۆشەویستی لە کاک مەلا کەریم لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا دروست کردبوو.

زۆر بەداخەوە ئەم مرۆڤە مەزنە و ئەم کەسایەتییە خۆشەویستەی خەڵکی شاری مەریوان و ناوچەکە ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٥ی سەرماوەز تووشی وەستانی دڵ دەبێ وسەرەرای هەوڵ وتەقالای پزیشکەکانی نەخۆشخانەی مەریوان گیانی لەدەست دەدا و بۆ هەمیشە دڵە گەورە ومێهرەبانەکەی لە لێدان دەوەستێ و ئازیزانی بەجێدەهێڵێ. 

تەرمی کاک مەلا کەریم ئەمرۆ لەنێو ئاپۆرەی کەسوکارو دۆستان ودڵسۆزانیدا لە گۆرستانی شاری مەریوان  ناسراو بە "بەهەشتی مستەفا" بەخاک سپێردرا.

ئێمە بە بۆنەی ماڵئاویی لەژیانکردنی کاک مەلاکەریم خۆشنمەک لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری،بەتایبەت سەرەخۆشی لە هاورێی ئازیزمان کاک عەلی خۆشنمەک کادر وتێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە و فاتمە،سەحەر،بەیان،کوێستان ونیگار خانم وکاک هیوا وئومید و حەمید ورێبوار و سەرجەم خەڵکی ئاوایی وەیسە و شاری مەریوان دەکەین وخۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

یادی کاک مەلا کەریم خۆشنمەک بەرز وبەرێز بێت.


سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٦ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی