مەیلی بێستان 

ئەحمەد بازگر 

نامەوێ وەك دیل بژیم من ژینی ئینسانم دەوێ 

پەیكەرەی وشكی ژیانم بانگ دەكا گیانم دەوێ 

ئیمشەو ئیحساسی بزۆزم ئۆقرە ناگرێت و دەڵێ 

هەستی نەرمی ،سۆزی گەرمی ، شیعری ڕاسانم دەوێ

حەز دەكەم چێژی ژیانی دوور لە مەینەت تام بكەم

بۆ برینی كۆنی مێژووم ئەمڕۆ هەتوانم دەوێ

نامەوێ چی تر ببینم ڕەنگی زەردی كۆرپەكان

رەنگی سوور و لێوی بەبزە و چاوی شادانم دەوێ 

نامەوێ هۆبەو هەوار  و نانی شوانی و دۆی ترش 

ژینی بێ ناسۆر و دەرد و نەزەیی بێ شوانم دەوێ

**********

گەشتی باغ و سەرشەقامی تەختی شارانم هەبێ 

كوا دەڵیم عاشق بەكێو و ژینی شاخانم دەوێ 

كوا دەڵێم  شەو خۆشە باران لێت بدا  و ڕێ دەرنەكەوی 

گۆشت و ئێسقانە لەشی من ، شەو هەدادانم دەوێ 

دەس بدا بۆم هەڵمژم بۆنی گلووكی سەر گلوفك 

بۆگەنی بارووت  و گوللە و هەلپرووزانم دەوێ ؟

دەنگی مۆسیقایەكی مەند لایە لایەم بۆ بكا 

بۆچی دەنگی تۆپی گەورە  و گوللە بارانم دەوێ ؟

كوا  لە دڵ نیزیكە ماچی بێ گیانی لوولی چەك ؟

گەرمی لێ و و ماچی زیندووی كوڵمی یارانم دەوێ 

تاكوو سفرەی تۆخی ماڵی گەرم و ڕووناك دەس بدا 

بۆچی كرمەی ژێر ددانی نانی گیرفانم دەوێ ؟

***********

ورشە ورشی بەرقی شاری دوورم زۆر جار دی بەشەو 

من دەڵیم شارم دەوێ ، شاری چراخانم دەوێ 

تا لەوێ ئاڵای ئەوین  و خۆشەویستیم  هەڵبكەم 

شاری خۆشی پڕ لەخەندە و خەڵكی بێ ژانم دەوێ 

دووكەڵی هانای هەناسەی بێ بەشان هانم دەدا

بێم بەرەو لووتكەی  مەبەستم ڕانەوەستانم دەوێ

دیوی سەرمایە لەسەد لا خوێنم دەمژێ بێ پشوو

زۆر لە لام نەنگە كەبێژم من پشوو دانم دەوێ

ئاسۆم لێ دیار بێ لەلایەك دەس لەبینم  خا  نەیار 

بۆ لەسەر ئەم دوو رێ یانە هێشتا خنكانم دەوێ

شەونخوونی باو باران ، شریخەی گوللە و برسیەتی 

با لە ژین  میوان  ئەمڕۆ هەرهەموویانم دەوێ 

دڕك و داڵی دەوری بێستان  تێپەرێنم من دەبێ 

نەك لەخۆشی دڕك و داڵا مەیلی بێستانم دەوێ 


مالوومە 1986