لە یادی مامە ڕیشەی قارەمان دا


کوڕی بابە گوڕ گوڕ"


ڕێگە چۆڵ کەن


هەستنە سەر پێ


وا ئەسپێکی سپی یاڵ سوور


لە پێدەشتی کەرکوکەوە ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ؛


ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ ماروی گەرمیانم


ئەوەی بەفر و گڕ و شەپۆلی ناسیبێ؛


ئەوەی شمشێری بروسکە و باو بۆرانی کێوی دیبێ؛


تۆ ئەناسێ


ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوار کردوو


ئەوەی جارێ گوڵاڵە سورەی چاوڕەشی ڕەحیماوا و


مناڵانی سەرقوچکەتاشی لەیلان و


کێڵگەی برسی دووزی دیبێ


تۆ ئەناسێ


،کۆبنەوە و هەستنە سەر پێ


سەر هەڵبڕن


بازێک شەڵاڵی خوێناوە و


تۆزێکی تر بەم ناوەدا تێئەپەڕێ


ڕووەو قەندیل


بەسەر هەورازی شەختەدا نزم ئەفڕێ


هەتا ئەگاتە سەر لووتکە و


ئەچێ لەوێ


لە پەڵە خوێنی نازم دا بە هێواشی ڕائەكشێ


ڕێگە چۆڵ کەن هەستنە سەرپێ؛


زریان گڤەی ون کردووە و بۆی ئەگەڕێ؛


گەرمیان کوورەی کاوەیە و جۆش دراوە؛


تەماشاکەن


هەرچی گردۆڵکەی پێدەشتی لەش چنراوە


وەکو دایکانی وڵاتم


بنچکی قژ و ئەگریجەی گژو گیایان


لە ملیاندا ئاڵۆسکاوە


مامە ڕیشە


ئەی پڵنگی چنگ بە گڕی گەرمیانم


بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم


لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا


تۆ قوتیلکەی بەر هەیوانی


داسی دروێنەوە و هەتاوی سەر بانیژەی زستانانی


،مانگەشەوی هێشوی ڕەزی


هاژەی چەم و وژە وژی دارستانی؛


،ئاگری شوانی


وەکوو باران


وەکوو کانی


وەک دەغڵ و دان خۆشەویستی


،تۆ کوڕی بابە گوڕگوڕی


داستانێکی سەدەی بیستی


شێرکۆ بێکەس