لەشی ماندووی خستۆتە سەر کۆشی کلکی پێمەڕە
پیرەپیاوی رەنج و ئازار
مەزرای بە گوڵ خەمڵاندووە و
بۆ دوور دوور ئەڕوانێ
پیرە پیاوی لە رەنج خاراو
ئێوارەیە و
زەردە بە دەم نیگایەوە پێدەکەنێ
ژان لە نێو جەستەیدا ورووژانە ئەکا
لە حەژمەتان توند توند کلکی پێمەڕی پشتیوان ئەگلۆفێ
نەرم نەرم وەک ڕنۆ بەفری دەم کەلی بەجێماوی بەردەم هەتاو
بێدەنگ بێدەنگ
چەن دڵوپێ بە نێو ردێنی سپیدا دێنە خوار
دەڕژێنە سەر سینگی هەناسە سوار
هەناسەی وەک چۆلەکی سرکی ناو ڕکە
کەوتووەتە باڵەتەپە و نافڕێ
لەم هەرێمە پڕ لەژانەی جەستە
میرزای خەم و خەیاڵ
مێژووی پێوا بەیەک باڵ
لە بەر خۆوە ئاوای ئەگووت:
ئاخۆ دەبێ هەتاکەنگێ
ئاولە دڵان بخۆنەوە قەل و داڵ؟
ئاخ ئەی سەردەمی تاڵ و نغرۆ
ئاخ ئەی ئاخی بە داخ چێنراو!

لەپڕ زڵەزڵی منداڵان
لە بەردێ و کۆڵانان
پەساندیان هەودای خەیاڵان
بەدەم سروود و سترانەوە
دەیانووت: خاڵە میرزا، خاڵە میرزا
پاڵەوانە و قەد نەبەزا
میرزای ژانی ئەژنۆ پتەوە
بزەی تێزا نیگای دووری و
بۆ دوارۆژی زارۆیان
جەستە و گیانی بوو بە چەو.